|
|
|
|
|
كه‌ركوك ئاوێنه‌ی شكستی فیدرالیزمه ئاسۆ كمال ڕوداوه‌كانی ئه‌م دواییانه‌ی كه‌ركوك و كێشه‌ی لایه‌نه ده‌رگیره‌كانی ،ناسیونالیزمی كورد له‌گه‌ڵ ناسیونالیزمی عه‌ره‌بی – ئیسلامی زیاتر سه‌رنجیان بۆ خودی كێشه‌ی كه‌ركوك ڕ‌اكێشا به‌ڵام ئه‌م ڕووداوانه له‌ڕاستیدا ده‌رخه‌ری ئاینده‌ی سه‌رجه‌م ئه‌و سیسته‌مه‌ی ده‌سه‌ڵاتدارێتیه‌یه كه له عێراقدا هه‌یه و ناسیونالیزمی كورد به فیدرالی ناوده‌بات. ئه‌گه‌رچی كه‌ركوك شوێنی ڕوداو و كێشه‌كه‌یه به‌ڵام شه‌ڕی ئه‌م لایه‌نه ناسیونالیست و ئیسلامیانه له‌سه‌ر ده‌سه‌لات له عێراقدایه . ئاینده‌یكوردستانیش وه‌ك به‌شێك له‌م عێراقه "فیدرالیه" مه‌یدانێكی ئه‌و شه‌ڕه‌یه و كه‌ركوك وه‌ك جه‌بهه‌ی پێشه‌وه‌ی ئه‌م شه‌ڕه فیدرالیه ئه‌مڕۆ بوه‌ته مه‌یدانی ململانێ‌ی توندوتیژ و چاره‌نوس ساز بۆ لایه‌نه ده‌رگیره‌كانی. هه‌ربۆیه كه‌ركوك ده‌بێت له چوارچێوه‌ی ئه‌م شه‌ڕه فیدرالیه‌دا و ئاینده‌ی ئه‌م شه‌ڕه‌دا سه‌یر بكرێ نه‌ك ته‌نها له چوارچێوه‌ی دروستی ماده‌ی 140و ئه‌و یاسا و ڕێكه‌وتنانه‌ی له‌په‌رله‌مانی عێراقی و له بریاری ئه‌نجومه‌نی كه‌ركوك و له راگه‌یاندنی یه‌كێتی وپارتی بۆ گێڕاه‌وه‌ی كه‌ركوكدا بۆی بگه‌ڕێین. سیسته‌می ده‌سه‌ڵاتداریتی ئیستای عێراق له روخانی به‌عسه‌وه له‌لایه‌ن ئه‌مریكاوه سازدراوه له‌سه‌ر بنه‌مای دابه‌شكردنی ده‌سه‌لات له‌نیوان سێ هێزی قه‌ومی و مه‌زهه‌بیدا كه كورد وشیعه وسونه‌یه. هه‌موو یاسا وده‌ستور و ماده و ریكه‌وتنه‌كان بریتین له ململانێ‌ی ئه‌م سێ‌هێزه له‌سایه‌ی باڵاده‌ستی ئه‌مریكادا. كه‌ركوك یه‌كێك له‌و خاڵانه بوه كه به‌درێژایی ئه‌م 5ساڵه جیگای كێشه‌ی ئه‌م سێ لایه‌نه بوه و له ماده‌ی 58 ده‌ستوری كاتی و له 140 ده‌ستوری هه‌میشه‌یی و له پیشنیاری دیموسترا وله یاسای 24ی په‌رله‌مانی عێراقی و تائێستاش ئه‌م شه‌ڕه نه‌بڕاوه‌یه . ئه‌وه‌ی ئه‌م یاسا و ماده و ریكه‌وتنانه نه‌یانتوانیوه ئه‌م كێشه چاره‌سه‌ربكه‌ن به‌ڵگه ئه‌وه‌یه كه ئه‌وه‌ی چاره‌نوسی ئه‌م كێشه‌یه دیاریده‌كات خودی یاسا وریكه‌وتنه‌كان نییه به‌ڵكو ته‌وازنی هێزه‌كانه كه ڕێگه‌ی به عه‌مه‌لی كردنه‌وه‌ی ئه‌م ماده و ریكه‌وتنانه‌ی نه‌داوه و یاسای ئه‌سڵی ئه‌م هاوسه‌نگی هێزانه‌یه نه‌ك یاساكانی ناو ده‌ستور و په‌رله‌مان. له‌سه‌ره‌تاوه كه ته‌وازنی هێز به‌قازانجی ناسیونالیزمی كورد بوو توانیان ماده‌ی 58 و 140 بسه‌پێنن به‌ڵام كه ئێستا ته‌وزانی هێز به‌قازانجی ناسیونالیزمی عه‌ره‌بی و سونه شكاوه‌ته‌وه و نزیكایه‌تی حكومه‌تی مالكی و هیزه‌كای صه‌حوه پیكهاتوه و ئه‌مریكا پشتیوانی له سه‌همی زیاتری سوه‌كان له‌ده‌سه‌ڵاتدا ده‌كات ، ئیتر ماده‌ی 140 به‌هه‌وادا چوه و یاسای 24 په‌رله‌مانی عێراقی سه‌ری ناسیونالیزمی كوردی به‌م ڕاستیانه‌دا كێشاوه كه نه‌ده‌ستور و نه ریكه‌وتنی ستراتیژی له‌گه‌ڵا شیعه زه‌مانه‌تی به‌شی ئه‌وان له‌ده‌سه‌لاتدا نییه. هه‌ربۆیه ناسیونالیزمی كورد بۆ به‌شه ده‌سه‌ڵاتی خۆی له كه‌ركوك و له عێراقدا ڕووی له‌ده‌وره‌یه‌كه كه ده‌بێت بكه‌وێته ململانێ وشه‌ڕێكه‌وه كه زه‌مینه‌ی سه‌ركه‌وتنی له‌بارنییه و كێرڤی ده‌سه‌لاتی ڕوو له‌خوار كردوه. بریاری 24په‌رله‌مانی عیراقی و خۆپیشاندانی كه‌ركوك و كرده‌وه‌ی تیرۆریستانه‌ی سونه‌كان و ته‌قه‌كردنی توركمانه‌كان و هێنانی سوپای عێراقی و هه‌ڕه‌شه‌ی توركیا ، نمایشه‌كانی ئه‌و شه‌ڕه‌یه كه له‌سه‌ر كه‌ركوك دوای ئه‌م هدنه‌یه‌ی ئێستا چاره‌نوسی ئه‌م شاره به‌بارمته‌ده‌گرێ . ئاینده‌ی شه‌ڕ له‌سه‌ر كه‌ركوك دیارنییه له‌به‌رئه‌وه‌ی ئاینده‌ی ئه‌م سیسته‌مه‌ی ئه‌م هێزانه‌ی پیكه‌وه ڕاگرتوه له‌سایه‌ی ئه‌مریكادا دیارنییه و ته‌وازنی هێز له نزیك ماوه‌دا به قازانجی ناسیونالیزمی كورد ناگۆڕێت و هدنه‌ی ئیستایان به‌ره‌و دابه‌شكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌لات له كه‌ركوكدا به‌زیادكردنی سه‌همی ناسیونالیزمی عه‌ره‌بی –ئیسلامی ده‌شكێته‌وه. شكست له كه‌ركوكدا بۆ ناسیونالیزمی كورد سه‌ره‌تای شكستی به‌شه ده‌سه‌لاتی ده‌بێت له به‌غداد وله كوردستاندا و ئه‌م فشاره‌ی ئه‌مڕۆی ناسیونالیزمی عه‌ره‌بی- ئیسلامی نه‌ك به‌ته‌نها له‌سه‌ر كه‌ركوك به‌ڵكو له‌سه‌ر چاره‌نوسی كوردستان درێژه‌ی ده‌بێت . ئه‌وه‌ی تا ئیستا ناسیونالیزمی كورد له‌سایه‌ی كێشه‌ی شیعه وسونیدا توانیویه‌تی بالاده‌ستی خۆی له كه‌ركوكدا بسه‌پێنێ ئیستا ئاڵوگۆڕی به‌سه‌ردا هاتوه و بریاری 24له‌په‌رله‌مانی عیراقدا نیشانی دا كه چیتر ناتوانێت یاساكان به‌ئاراسته‌ی به‌رژه‌وه‌ندی ناسیونالیزمی كورددا بچێته پێشه‌وه. له‌ئاستی حكومه‌تیشدا مالكی به‌ڕازیكردنی سونه‌كان ئه‌م فشارانه‌ی په‌رله‌مان ده‌خاته سه‌ر ئه‌مری واقیع و ئه‌مه واقعیه‌تی پرۆسه‌ی دیموكراسی و سیاسیه كه یه‌كێتی وپارتی 5ساڵه چاره‌نوسی كوردستانیان كردۆته پاشكۆی ئه‌م فیدرالیزمه. ئه‌وه‌ی یه‌كێتی وپارتی له‌ڕاگه‌یاندنیاندا به‌دوایه‌وه‌ن داپۆشینی ئه‌و ڕاستیه‌یه كه شكست له كه‌ركوكدا شكستی به‌دیلی فیدرالیزم بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌ی كه‌ركوك و زامن كردنی ئاینده‌ی كوردستانه. ئه‌م سیسته‌مه‌ی به‌شكردنی ده‌سه‌ڵاته له‌سه‌ربنه‌مای هێزی میلیشیا شیعه وسونی وكورده‌كان سیسته‌مێكی شه‌ڕی نه‌بڕاوه‌یه كه دوێنێ نمونه‌كه‌ی له به‌غدادا بینیمان له نێوان شیعه و سونه‌دا و ئه‌مڕۆ له كه‌ركوك له نیوان كورد و شیعه-سونه‌دا ده‌یبینین. ئه‌گه‌ر ئه‌مڕۆ شه‌ڕی ناسیونالیزمی عه‌ره‌بی –ئیسلامی شیعه وسونه له‌سه‌ر كه‌ركوكه ئه‌وا سبه‌ینێ له‌سه‌ر هه‌موو كوردستانه . ئه‌وه‌ی ئیستا ماده‌ی 140 به‌هه‌وادا ده‌با و ده‌ستور ده‌خاته ژێر پێ‌ی ریكه‌وتنی شیعه وسونه‌وه، سبه‌ینێ له‌سه‌ر پاشكۆكردنی واقعی سه‌رجه‌م ماف وژیانی خه‌لكی كوردستان بۆ سایه‌ی حكومه‌تی ناسیونالیزمی عه‌ره‌بی –ئیسلامی شیعه وسونه پیداده‌گرێ و سوپای عێراق شه‌ڕ له‌سه‌ر سه‌روه‌ری حكومه‌تی عێراق له كوردستاندا ده‌كات. ئه‌مه ئه‌و ئاینده‌یه كه له ئاوێنه‌ی كه‌ركوكدا به‌ڕۆشنی بینیمان و ناسیونالیزمی كورد ناتوانێت به ئه‌فسانه‌ی سه‌رهه‌ڵدانه‌وه كۆنه‌به‌عسیه‌كان له‌په‌رله‌مان و پرۆسه‌ی دیموكراتی عێراقدا خه‌ڵكی كوردستان چه‌واشه‌بكات. ئه‌وه‌ی شكستی هێناوه ئه‌م فیدرالیزمه‌ی یه‌كیتی وپارتیه كه به‌زۆر كوردستانیان كرده‌وه به پاشكۆی عێراق و به‌زۆر خه‌ڵكی كوردستانیان له جیابونه‌وه له عیراق و سه‌ربه‌خۆیی دوورخسته‌وه. ڕووداوه‌كانی كه‌ركوك زه‌نگێكی خه‌ته‌ر بوو نه‌ك بۆ كه‌ركوك به‌ته‌نها به‌ڵكو بۆ سه‌رجه‌م كوردستان كه نیشانی‌دا یه‌كێتی وپارتی ژیان وچاره‌نوسی خه‌لكی كوردستان و كه‌ركوكیان له‌بارمته‌ی چ سیسته‌مێكی میلیشیای قه‌ومی ومه‌زهه‌بیدا داناوه. ڕێگاچاره‌ی كه‌ركوك له ده‌رچوونی كوردستان به كه‌ركوكیشه‌وه له‌بازنه‌ی ئه‌م سیسته‌مه فیدرالیه میلیشیایه‌دایه و سه‌ربه‌خۆبونی كوردستان ده‌رگای به‌رده‌م رفراندۆمی كه‌ركویش ده‌كاته‌وه و له‌بازنه‌ی به‌تاڵی شه‌ڕی ناسیونالیزمی كورد له‌به‌رامبه‌ر ناسیونالیزمی عه‌ره‌بی –ئیسلامی له‌سه‌ر دابه‌شكردنی ده‌سه‌لات و داهاتی ئه‌وشاره ڕزگارده‌كا. خه‌ڵكی كه‌ركوك له خۆكردنه قوربانی ئه‌م شه‌ڕه فیدرالیه‌ی یه‌كیتی وپارتیدا به‌شوێنێك ناگه‌ن و هاتنه‌مه‌یدانی خه‌لكی كوردستان به كه‌ركوكیشه‌وه بۆ رفراندۆم بۆسه‌ربه‌خۆیی كوردستان و رفراندۆم له كه‌ركوكدا ته‌نها ڕێگایه‌كه كه خه‌ڵكی ئه‌م شاره له‌به‌ڵای شه‌ڕی قه‌ومی وتایفی ڕزگارده‌كا و له‌دووباره‌كردنه‌وه‌ی سیناریۆی شه‌ڕ له‌عیراقدا دوورمان ده‌خاته‌وه. 14/08/2008 |
||